Jump to content

User:Aram Bilal Ghazi

From Wikipedia, the free encyclopedia

بیلال حاجی غازی گەڵاڵی ناسراو بە حاکم بیلال گەڵاڵی، کوڕی (حاجی غازی) کەسایەتی دیار و ناسراوی دەڤەری باڵەکایەتی، لەبنەماڵەیەکی کورد پەروەر و خانەدانی دەڤەری باڵەکایەتیە. ساڵی ١٩٦٧ لە شارەدێی گەڵاڵەی سەر بە ناوچەی باڵەکایەتی چاوی بە دنیا ھەڵھێناوە، خاوەنی ٦ برا و ٤ خوشک بووە. لە ساڵی ١٩٧٢ خراوەتە بەر خوێندنی سەرەتایی و دوای ساڵێک لە ١٩٧٣ لەگەڵ ماڵباتەکەیان ڕوو لە شاری ھەولێر دەکەن لە گەڕەکی (شۆڕش) دەگیرسێنەوە، لەبەرئەوەی حاكم بلال لە بنەماڵەیەکی زانست پەروەر بووە ژیانی بۆ خوێندن تەرخان دەکات، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (کارۆخ)ی سەرەتایی و پاشان ناوەندی لە (ھەڵمەت)ی کوڕان دواتریش ھەر لەو قوتابخانەیە تا ساڵی ١٩٨٥ درێژە بەخوێندنی ئامادەیی دەدات. لە ساڵی ١٩٨٥ دەچێتە پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایان-بەشی گشتی شاری ھەولێر. دوای دەرچوونی لە گوندی (مێرگە)ی ناوچەی باڵەکایەتی دەبێتە مامۆستا، بەڵام بەھۆی بارودۆخی قورسی ژیان و نەخۆشکەوتنی دایکی لە شاری ھەولێر دەمێنێتەوە و ناتوانێت وەک مامۆستا درێژە بە پیشەکەی بدات. لە ساڵی ١٩٩٢ ژیانی ھاوسەرگیری پێکدەھێنێت و دەبێتە خاوەنی ٣ منداڵ. حاكم بیلال لە ماوەی ساڵانی (١٩٨٦-١٩٩٧) دەست بە خوێندنەوە و نوسین و وەرگێڕانی چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەی مێژوویی دەکات، یەکەم کتێبی لە زمانی عەرەبییەوە بۆ زمانی کوردی بە ناوی (من عمان الی العمادية) لە نوسینی (علي سيدو الگورانی) وەردەگێڕێت. لە خوێندنەوەیدا ھەوڵ و کۆششی زۆر بۆ وەرگێڕانێکی ورد و بەسەلیقە بەدیدەکرێت، ھەوڵدانی زۆر بۆ زاڵکردنی شێوەزاری موکری لە وەرگێرانیدا کە نزیکترین شێوەزارە لە شێوەزاری ناوچەی باڵەکایەتی ئەویش دەچێتە خانەی خزمەتکردن بە شێوەزاری ناوچەکەی، ئەوکات لە ڕۆژنامەی ھەولێر ئاماژە بە وەرگێڕانەکەی ناوبراو دەدرێت.

حاکم بیلال و خوێندنی یاسا

حاکم بیلال بەھۆی خولیای زۆری تەمەنی گەنجی بۆ بەشی یاسا و نەبوونی دەرفەتی گونجاو لە کات و ساتی خۆیدا دواجار لە دەرفەتێکی گونجاودا لە ساڵی ١٩٩٧ دەچێتە کۆلێژی ماف (کلیة حقوق) - بەشی ئێواران لە زانکۆی سەڵاحەدین. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ دوای دەرچوونی دەست بە پیشەی پارێزەری دەکات لە دادگای ھەولێر، دوای ماوەیەک لە کاری پارێزەری لە ساڵی ٢٠٠٢ وەک مافپەروەر لەھەردوو دادگای چۆمان و سۆران بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ بەردەوام دەبێت. لەم ماوەیەدا بۆ ماوەی چەند ساڵێک دەبێتە بەرپرسی نوسینگەی یەکێتی مافپەروەرانی کوردستان-لقی سۆران. حاکم بیلال لە دواھەمین قۆناغی ژیانی وەک دادوەر لەھەریەک لە دادگاکانی (قەڵادزێ،سۆران،ڕەواندز،چۆمان) دەست بەکاردەبێت. حاکم بلال مرۆڤێکی دڵسۆز و بەوەفا و بەئەمەک بوو بۆ دەوروبەرەکەی، نمونەیەک بوو لە ڕێز و میواندۆستی و مرۆڤ دۆستی. ھەموو نیشانەکانی ڕاستگۆیی و لێھاتوویی لە کەسایەتی ئەودا دەبینرا، بەشایەتی ھاوڕێ و ھاوڕێگەکانی بەرمەبنای زانستێکی چاک و پەیڕەوکردنی ئەوپەڕی دادپەروەری، پیشەگەرانە ئەرکەکەی بەجێگەیاند. حاکم بیلال دواجار لە ڕۆژی ٢٠٢١/٨/٢٢ لە شاری سۆران لە تەمەنی ٥٤ ساڵیدا ماڵئاوای لە دنیا کرد، ئەم ھەموو خەڵکە کە خۆڕسکانە ڕژابوونە مزگەوت و سەر شەقام زیاتر لە نوێژخوێنانی ڕۆژی ھەینی بەڵگەی پیاوچاکی و لێھاتوویی ئەو بوو.